CSI Events‎ > ‎

Untitled Post

posted Jul 26, 2017, 7:29 AM by media csi

بۆردێكی هاوبەش لە بواری خوێندنی باڵا لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا پێكدێت

  • ته‌مموز 26, 2017
  • 17 Views
بۆردێكی هاوبەش لە بواری خوێندنی باڵا لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا پێكدێت

رۆژی چوارشەممە (٢٦/٧/٢٠١٧) سێیەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرپەرشتی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و، بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، لە چەند تەوەرێكی جیادا چەندین بابەتی پەیوەست بە خوێندكاران و خوێندنی باڵا گفتوكۆیان لەبارەوە كرا و، بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

*بۆردێكی هاوبەش لە نێوان توركیا و كوردستان لە بواری خوێندنی باڵا پێكدێت.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا، د.یوسف گۆران سەرۆكی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەكی پێشكەشكرد، لە وتەكەیدا سەرۆكی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا كورتەیەكی لەبارەی سەردانەكەی بۆ ئەنقەرە پێشكەشكرد و، ڕایگەیاند: ڕۆژی سێشەممە، ڕێكەوتی (٢٦/٧/٢٠١٧) لەسەر بانگهێشتی وەزیری خوێندنی توركیا سەردانی ئەو وڵاتەمان كرد، وتیشی دوای پێشوازییەكی ڕەسمی لەلایەن وەزیری پەروەردە و، ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و ستافی وەزارەت، لە كۆبونەوەیەكدا چەندین تەوەری جیا و پەیوەست بەسێكتەرە جیاكانی خوێندنی باڵا-مان تاوتوێكرد بەتایبەت چۆنیەتی پەرەپیدانی پەیوەندییە ئەكادیمیەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان.

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆمان لەبارەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو خوێندكارانە كرد، كە لە زانكۆكانی بزوتنەوەی خزمەت دەیانخوێند و، لە ئێستادا بەهۆی داخستنی زانكۆكانیان دوچاری كێشە بون، وتیشی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە وەزیری خوێندنی توركیا بەڵێنیدا چارەسەری سەرجەم كێشەی ئەو خوێندكارانەی هەرێمی كوردستان بكات، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكراشیكرد، كە هەر لەو كۆبونەوەیەدا داوایان كردوە پەیوەندییەكانی نێوان ڕێكخراوی (یۆك) و زانكۆكانی كوردستان بەهێز بێ، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی توركیا پشتگیری خۆی بۆ بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە دوپاتكردەوە بەڵێنیشیداوە رێكخراوی (یۆك) ڕابسپێرێ بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان بەهێز بكەن.

هەر بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە بواری خوێندنی باڵا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەسەر پێشنیازی ئێمە بۆردێكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی توركیا و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان پێكدێ، وتیشی وەزارەتی خوێندنی توركیا لەگەڵ ڕەزامەندی نیشاندان لەسەر دروستكردنی بۆردەكە، ئەندامەكانیشیان دەستنیشان كرد، د.یوسف گۆران ئاشكراشیكرد ئەركی بۆردەكە بریتی دەبێ لە داڕشتنی سایسەتی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشە هاوبەشكانمان، ڕونیشیكردەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئێمەش ئەندامانی بۆردەكە دەستنیشان دەكەین.

لە كۆتایشدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەگشتی سەردانێكی سەركەوتوو بوو، هەربۆیە ئێمەش ئەخوازین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ زانكۆكانی توركیا بەهێز بكەین، چونكە بەشێك لە زانكۆكانی توركیا لە بواری تەكنیكی و تەكنەلۆژیا زۆر پێشكەوتون، ئەوەشی ڕونكردەوە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت ئاگاداری ئەو سەردانە بون و پشتیوانی خۆیان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان دوپاتكردۆتەوە.

*سێمستەرەكان و ماوەی خوێندنی باڵا دیاری دەكرێن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنی ماوەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سیسمتەرەكان و ماوەی خوێندن كرا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كورتەیەكی لەبارەی پڕۆسەكانی خوێندنی باڵا و، گرنگی دەستپیكردنی خوێندن لە زانكۆكان خستەڕو، وتیشی دەمانەوێ سیمستەرەكانی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی كوردستان بەشێوەیەك رێكبخرێ، كە لە زانكۆكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا خوێندكاران دەست بەخوێندن بكەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە د.كەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كورتەیەكی لەبارەی پرۆسەكە و، كێشەكانی ئەو پرۆسەیە پێشكەش بەئەندامانی ئەنجومەن كرد، لە كۆتایشدا دوای ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەن سەرەنج و پێشنیاز و بۆچونەكانیان لەو بارەیەوە خستەڕو، بریاردرا لە رێگەیەكی كۆمیتەیەكی تایبەت، كە نوێنەری سەرجەم زانكۆكان لە خۆ بگرێ، ماوەی سیمستەرەكان و كاتی دەستپیكردن خوێندن لە ئایندەیەكی نزیكدا دیاری بكرێ.

*ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی دو زانكۆی (زانستە كردارەكیەكان و ڕاهێنانی پیشەیی) لە هەرێمی كوردستان درا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا تاوتوێی كردنەوەی دو زانكۆی (زانستە كردارەكیەكان و ڕاهێنانی پیشەیی) كرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران سەرۆكی ئەنجومەنی خوێندنی بالا ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێكردنی دیدی حكومەت تایبەت بە بایەخدان بەخوێندنی زانستە كردارەكیەكان و پیشەیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی ڕابردو بانگەوازێكمان بۆ سەرمایەداران كرد بۆ ئەوەی پرۆپۆزەڵەكانیان پیشكەش بكەن بۆ كردنەوەی ئەو زانكۆیە لە هەرێمی كوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئێستا بازاری كوردستان كێشەیەكی گەورەی لەو بوارە هەیە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە لە وەزارەت كاری زۆرمان كرد بەتایبەت لە خوێندنی حكومی، هاوتەریب لەگەڵ خوێندنی حكومی دەمانەوێ لە كەرتی تایبەتیش خوێندنی پیشەیی پەرە بەو جۆرە خوێندنە لە كوردستان بدەین.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ، د.ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرۆكی لێژنەی باڵای دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین وتی: دوای بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكە كۆمەڵێك پڕۆپۆزەڵ پێشكەش بە وەزارەت كرا، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنی سەرجەم پرۆپۆزەڵەكان بەپرۆسەی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین بەپێیی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان ئێستا لە لێژنەكەمان ڕەزامەندیمان لەسەر دوو پرۆپۆزەڵ دراوە، لەبەرامبەردا ئەندامانی ئەنجومەن چەندین ڕاو پێشنیازیان لە بارەی جۆری خوێندنەكە و پرۆپۆزەڵەكان خستەڕو، لە كۆتایشدا بەكۆی دەنگی ئەنجامانی ئەنجومەن ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی درا و، بڕیاریشدرا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە بۆ ئەوەی بریاری كۆتایی لەسەر بدرێت.

*ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی لقی زانكۆی چیك لە هەرێمی كوردستان درا.
تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخان كرا بۆ كردنەوەی لقی زانكۆی چیك لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: زانكۆی چیك یەكێكە لە زانكۆ پێشكەوتوەكانی جیهان و، لە ڕیزبەندی پێشەوەی زانكۆكانی جیهانە، وتیشی ئەو زانكۆیە ئەخوازێ لقێك لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەتایبەت لە بواری ئەندازیاری، ئەوەش دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ بواری خوێندنی باڵا لە كوردستان، چونكە بۆ یەكەمین جارە كە زانكۆیەك خاوەن ئەو ڕانكینگە بەرزە بێ لە ئاستی جیهان بخوازن لقێكی زانكۆكەیان لە كوردستان بكەنەوە، وتیشی پرۆپۆزەڵەكەیان بە لێژنەی باڵای دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین تێپەر بوە و، لێژنەكە ڕەزامەندیان لەسەر كردنەوەی زانكۆكە پیشانداوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەندامانی ئەنجومەن وێڕای ئەوەی بەگرنگیەوە باسیان لە پێشكەوتنی خوێندنی باڵا لە چیك كرد، كردنەوەی لقێكی زانكۆ پێشكەوتوەكانی جیهان لە هەرێمی كوردستان بەدەسكەوتێكی گەورەی بواری خوێندنی باڵا وەسفیان كرد، هەربۆیە بەكۆی دەنگی ئەندامان ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی ئەو زانكۆیە پیشاندا و، بریاریشدرا پرۆپۆزەڵەكە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە تا بڕیاری كۆتایی لەسەر وەربگیرێ.

*ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكان پلانی ستراتیژی خۆی خستەڕوو.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، د. سەلیم زەنگەنە، سەرۆكی ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكان سمینارێكی لە بارەی پلانی ستراتیژی ئەنجومەنەكەیان بۆ چوار ساڵی ئایندە خستەڕو، لە سمینارەكەیدا بەوردی باسی لە كێشە پزیشكیەكانی هەرێمی كوردستان و، چۆنیەتی پەرەپێدانی كەرتی پزیشكی لە كوردستان خستەڕو، هەر لە میانەی سمینارەكەیدا وردەكاری پلانی ئەنجومەنەكەی بۆ پێشخستنی خوێندنی پزیشكی لە كوردستان بۆ چوار ساڵی ئایندە باسكرد.

لە بەرامبەردا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دستخۆشی لە د.سەلیم زەنگنە كرد و، وتی: ئەم هەنگاوێكی گرنگە كە لەو ڕێگەیەوە بتوانین هەموان ئاگاداری دیدگا و كار و پڕۆژە و بەرنامەكانی یەكتر بین، هەروەك سەرۆكی زانكۆكانی ڕاسپارد، بۆ كۆبونەوەكانی داهاتو سمیناری هاوشێوە ڕێكبخەن.

*پلە تایبەتەكان ناتوانن خوێندنی باڵا بخوێنن.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، باس لە خوێندنی پلە تایبەتەكان كرا، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی كێشەی خوێندنی پلە تایبەتەكان ڕوبەڕومان كرایەوە، نوسراوێكمان ئاراستەی ئەنجومەنی شورا كرد، لە وەڵامدا ئەنجومەنی شوڕا ڕایی خۆی بەو شێوەیە دەربڕیوە، كە پلە تایبەتەكان بەهیچ شێوەیەك ناتوانن لە خوێندنی باڵا بخوێنن، بەڵكو تا ئەو كاتەی لە پلەكانیان دەمێننەوە خۆیان بۆ كارەكانیان تەرخان بكەن، وتیشی ئەم بریارە ئەوانە ناگرێتەوە كە ئێستا وەرگیراوان، بەڵكو بۆ ئەو كەسانەیە كە لەمەودوا داوا پێشكەش دەكەن، ڕونیشیكردەوە بڕیارە بۆ خوێندنی ناوەو دەرەوەی وڵاتە، واتا بەهیچ نە لە ناوەوە نە لە دەرەوە ناتوانن بخوێنن.

*زۆربەی خوێندكاران بەشێوەی ڕاستەوخۆیی زانكۆی وەردەگیرێن.
بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخانكرا، بۆ قسەكردن لەسەر وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردو لە (١٠٨) بەشی زانستی پرۆسەی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی زانكۆیمان جیبەجێكرد، ئەو پرۆسەیە دەسكەوتی گەورەی بۆ خوێندكاران و زانكۆكان هەبو، بۆیە وەك لە كۆبونەوەی پیشتر بڕیارمان لەسەرداوە لەسەرجەم كە ژمارەیان (٣٥٤) بەشە، جگە لەو بەشانەی دیاریكران، زانكۆكان خوێندكاران بەشێوەیەی ڕاستەوخۆیی زانكۆی وەربگرین، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپارد دەست بەجێبەجێكردنی ئەو بریارە بكەن و، بەتەواوەتی جێبەجیی بكەن.

*بۆ وەرگرتن لە كۆلێژەكانی كشتوكاڵ دەبێ خویندكار لە وانەكانی (كیمیا، زیندەوەرزانی، ئینگلیزی) لە (٦٥%) كەمتری نەبێت.
كۆبونەوەكە تاوتوێی چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەكی كۆمیتەی پێداچونەوە بە پرۆگرام و بەشە زانستیەكانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ كرد، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن د.كەریم ساڵح عەبدول ئەندامی كۆمیتەكە كورتەیەكی لەبارەی كاری كۆمیتەكەیان و ئامانجی گۆڕانكارییەكانی خستەڕو، هەر بۆ ئەو مەبەستە د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: كۆمیتەكە پێشنیازیكردوە بۆ پێشكەشكردن لە كۆلێژەكانی كشتوكاڵ لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، پێویستە نمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی خوێندكار لە هەریەك لە وانەكانی (كیمیا، زیندەوەرزانی، ئینگلیزی) لە (٦٥%) كەمتری نەبێت، هەروەها پێشنیازیان كردوە بۆ دیاریكردنی ڕەگەزی پێشكەشكار (نێر و مێ) و شوێنی نیشتەجێبون و شیاوی بۆ كاروچالاكی كشتوكاڵی لە كۆلێژەكانی كشتوكاڵ لە زانكۆكان تایبەتمەندی هەریەك لە بەشەكانی كۆلێژەكە ڕەچاو دەكرێت. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ستایشی كارەكانی كۆمیتەكەی كرد، دوای ئەوەی پێشنیازەكان خرایە دەنگدانەوە بەكۆی دەنگ پێشنازەكان پەسند كرا، هەروەك بڕیاریشدرا لە وەرگرتنی خوێندكاران بۆ ساڵی داهاتو بڕیارەكە جێبەجێ بكرێ.

*نمرەی وانەی بیركاری بۆ وەرگرتن لە یاسا دەبێتە ئارەزومەندانە.
لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێكی (كۆمیتەی پێداچونەوەی خوێندن و پرۆگرامەكانی یاسا)ی پەسندكرد، بەپێیی پێشنیازە پەسندكراوەكە، هەژماركردنی نمرەی وانەی بیركاری بۆ وەرگرتن لە بەشەكانی یاسا دەبێتە ئارەزومەندانە، ئەوەش ڕاگەیندرا ئەو بڕیارە لە ساڵی داهاتوەوە جێبەجێ دەكرێ.

*بەئیجابیەوە هەڵسەنگاندن بۆ توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ خوێندنی باڵا كرا.
بابەتێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش ئەوە ڕاگەیندرا هەر خوێندكارێك لە قۆناخی خوێندنەكەیدا بێ، ئەگەر دەركەوتن بڕوانامەكەی ساختەیە بێبەش دەكرێ لە خوێندن، هەر لە كۆبونەوەكەدا ئەوەش ڕاگەیندرا بەپییی ئەو داتایانەی كە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت تا ئێستا ڕێژەیەكی باش لە كاندیدەكان توانیوانە ئاستی زمانی ئینگلیزی پێویست بەدەستبهێنن، لەو چوارچێویەشدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: مایەی خۆشحاڵیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان لە بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی لە نەخشەی جیهانی تایبەت بە بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی دەركەوتووە.

لە بەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بەكاروباری خوێندكاران، كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و، كاروباری كارگێڕی و دارایی و نوسراوی زانكۆكان تاوتوێكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.





Comments