CSI Events‎ > ‎

Untitled Post

posted Mar 13, 2018, 1:17 AM by media csi
د.یوسف گۆران: ڕێژەى لە (%52) خوێندكارانى زانكۆ له‌ ڕه‌گه‌زى مێن

بەدروشمى (كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى سه‌قامگیر زاده‌ى به‌هێزى ژنانه)‌، ئه‌مڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (8/3/2018) لە ڕۆژى جیهانى ژناندا، به‌ ئاماده‌بونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و، د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زیرەکانى حكومه‌ت و پا‌ڕله‌مانتاران و سەرۆکى زانکۆکان و، نوێنه‌رى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و، توێژەران و مامۆستایانى زانكۆ، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەماهەنگى ئەنجومەنى باڵاى خانمان، كۆنفرانسى په‌ره‌پێدانى سێنته‌ره‌كانى جێنده‌رناسى له ‌زانكۆكانى كوردستانى به‌ڕێوه‌برد.

كردنه‌وه‌ى سێنتەرى جێنده‌رناسى لە زانکۆکان کارێکى گرنگە
مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان و، خوێندنەوەى چەند وتارێک دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان له‌وته‌یه‌كدا سوپاسى د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و، سه‌رپه‌رشتیار و ئاماده‌كارانى كۆنفرانسه‌کە كرد و ڕایگه‌یاند: به‌زانستیكردنى جێنده‌رناسى له ‌هه‌رێمى كوردستان كارێكى گرنگه‌ و، ده‌بێت هه‌مومان پشتیوانى بكه‌ین، هەروەک خۆشحاڵى ئەنجومەنەکەشى بەكردنه‌وه‌ى سێنتەرى جێنده‌رناسى له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى کوردستان دەربڕى و، وتى: ئەم کارو پڕۆژانە نیشانه‌ى گرنگى و بایه‌خپێدانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا-یە‌ به‌و بواره‌دا.

هه‌شتى مارس بەرهەمى هەزاران ساڵ خەبات و تاقیکردنەوەیە
دواتر د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌میانى پێشكه‌شكردنى وته‌یه‌كدا، دواى ئەوەى خۆشحاڵى بەبۆنەى هه‌شتى مارس ڕۆژى جیهانى خانمان دەربڕى، پیرۆزباى لە خانمانیش کرد، وتیشى: دیاریكردنى ڕێكه‌وتى هه‌شتى مارس وه‌ك ڕۆژى جیهانى خانمان هه‌نگاوێكى دروست و ڕه‌سه‌نه‌ له‌مێژوى گه‌شه‌سه‌ندنى هزرى مرۆڤایه‌تیدا و، ئه‌نجامى زیاتر له‌ هه‌زاران ساڵ تاقیكردنه‌وه‌ و نوشست و هه‌ڵسانه‌وه‌ى شارستانیه‌تى مرۆڤایه‌تییه‌.

له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌قامگیر ژنان و کچان بەشدارى ڕاستەقینەیان هەیە
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وتى: له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌قامگیر و مرۆڤدۆستدا، هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ ئه‌رك و مافدا یه‌كسانن، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك و، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتى خێراى پێشكه‌وتنى جیهان، سیستمێكى ئابورى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌قامگیر پێش هه‌موو شتێك به‌شدارى ڕاسته‌قینه‌ و هاوسه‌نگى كچان و ژنانى وڵاته‌كه‌مانە له‌هه‌موو كایه‌كانى ژیان.

حکومەتى هەرێم پابەندى خۆى بەیاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکان ڕاگەیاندوە
هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى ئەرکى حکومەتى لەو بوارە کرد و ڕوونیكرده‌وه‌: حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ره‌ڕاى هه‌موو كه‌موكورتیه‌كان و به‌ربه‌سته‌ زۆره‌كان، هه‌میشه‌ پابه‌ندى خۆى ڕاگه‌یاندوه‌ به‌یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و، جاڕنامه‌ى گەر‌دونى مافى مرۆڤ و، یاساكانى تایبه‌ت به‌یه‌كسانى هاوڵاتیان و، ڕێزلێنان له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و چین و توێژه‌كان، به‌تایبه‌ت پرسى یه‌كسانى جێنده‌ر، وتیشى ئێمه‌ باوه‌ڕى ته‌واومان بەوە هەیە، كه ‌ده‌بێت كارى جدى بۆ چه‌سپاندنى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌بوارى یه‌كسانى جێنده‌ر بكه‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌وڵ بۆ داڕشتنه‌وه‌ى یاسا و سیاسه‌تى گشتى و داهێنانى پرۆگرام و خزمه‌تگوزارى تایبه‌ت بده‌ین، بەشێوەیەک ‌ده‌رفه‌ت بۆ به‌شدارى ڕاسته‌قینه‌و یه‌كسانى خانمانى كوردستان فه‌راهەم بكات، بۆ ئەوەش وتی: ده‌بێت كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى خاڵ به‌خاڵى دیدگاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌چوارچێوه‌ى ئامانجه‌كانى په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وامبۆ خانمانى وڵاته‌كه‌مان بكه‌ینه‌ واقیع و، بتوانین هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كه‌ ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م به‌شدارى خانمان له‌ بواره‌ جیاكانى گه‌شه‌پێدانى وڵاته‌كه‌مان.

ڕێژەى بەشدارى ژنان و کچان لە کەرتى خوێندنى باڵا جیاوازە
د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئاستى بەشدارى کچان و ژنان لە بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان و لەوبارەیەوە وتى: گه‌ر سه‌یرى ڕۆڵ و ئاماده‌یی خانمان له ‌كه‌رتى خوێندنى باڵا بکە‌ین هه‌ندێك ئاماژه‌ى پۆزه‌تیف ده‌بینین، بۆنمونه‌ له‌ئاستى خوێندنى به‌كالۆریۆس له ‌زانكۆكانمان كچان ڕێژه‌ى (%52)ى قوتابیان و خوێندكاران پێكده‌هێنن، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى لێهاتویى كچانى وڵاته‌كه‌مانه‌كه‌، کە ده‌توانن له ‌قۆناخه‌كانى پێش خوێندنى زانكۆ سه‌ركه‌وتوبن لەبه‌ده‌ستهێنانى كورسى خوێندن له ‌زانكۆكان، وتیشى ئه‌م ئاماژه‌یه‌ نه‌ك له‌لاى ئێمه،‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى جیهان ده‌بیندرێت، كه‌ كچان ده‌توانن باشتر قۆناخه‌كانى خوێندن به‌سه‌ركه‌وتویى تێبپه‌ڕێنن، هەروەک له‌ڕوى زانستى و به‌ده‌ستهێنانى كارامه‌ییه‌وه‌ له‌پێشه‌وه‌ى كوڕان بن، وتیشى له ‌نوێترین ڕاپۆرتى جیهانیدا، کە لە ساڵى (2017) بڵاوکراوەتەوە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌ڕوى تواناى فێربونى زمانى ئینگلیزى دیسان كچان له‌پێشه‌نگدان، به‌ڵام ئه‌م ڕێژانه‌ دواى قۆناخى به‌كالۆریۆس له ‌ژیانى پراكتیكیدا داده‌به‌زێت.

ڕێژەى ژنان لەگەڵ بەرزبونەوەى ئاستى خوێندن ڕوو لە دابەزینە
د.یوسف گۆران زیاتر لەبارەى ڕێژەى ژنان و کچان لە وەزارەتەکەى دواو ڕاگەیاند: ڕێژه‌ى ژنان له‌ ناو مامۆستایانى زانكۆ ته‌نها (%35)ە ، هەروەک له‌كۆى گشتى كاندیدانى ماستەر و دکتۆرا ژنان ته‌نها ڕێژەى (%25) پێك ده‌هێنن، وتیشى به‌داخه‌وه‌ تائێستا نه‌مانتوانیوه‌، ده‌رفه‌تى گونجاوتر بۆ ژنانى نێو كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌كادیمى زانكۆكان بڕه‌خسێنین تا له‌سه‌ركردایه‌تیكردنى دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمییه‌كان ڕۆڵى كاراتریان هه‌بێت، هه‌ر بۆ نمونه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى كوردستان ڕێژه‌ى ژنان له ‌نێو ڕاگرى كۆلێژه‌كاندا ته‌نها (%8 )ە و، تائێستاش هیچ سه‌رۆك زانكۆیه‌كى ژنمان نیه‌.

دیاردەکانى ‌‌به‌رده‌م ڕێگرى له بە‌شداریکردنى ژنان له‌ كایه‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵگه جۆراوجۆرن‌
هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌شمان له‌بەرچاوبێت، کە كۆمه‌ڵى ئێمه‌ و كلتووره‌كه‌شى هه‌رگیز به‌ده‌رنین له‌تێڕوانینى هه‌ڵه‌ و لێكدانه‌وه‌ى نازانستى و، ته‌نانه‌ت زۆرجاریش به‌كه‌مبینین و، كه‌مكردنه‌وه‌ له ‌توانا و لێهاتویى خانمان، وتیشى ئێمه‌ ده‌بێت له‌ڕوى ئابورى و په‌روه‌رده‌یی و كلتورییه‌وه‌ زه‌مینه‌ى به‌شدارى ڕاسته‌قینه‌ى ژنان بڕه‌خسێنین، نابێت هه‌موو ئه‌ركى په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كانمان ته‌نها له ‌ئه‌ستۆى ژنان بێت، بەڵکو پێویسته‌ دامه‌زراوه‌كانى تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌كردنى منداڵ فراوانتر بكرێن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ حكومه‌ت و كۆى سیستمه‌كه‌ هاوكاربێت له‌ چاودێرىكردن و په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كانمان، جەختى لەسەرئەوەش کردەوە، کە ده‌بێت دایه‌نگه‌كان و باخچه‌ى ساوایان و قوتابخانه‌كان ئه‌و ئه‌ركه‌ زیاتر له‌ ئه‌ستۆبگرن، وتیشى له‌ ئێستادا به‌هۆى ئاسته‌نگه‌ جیاكانى به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ وڵاته‌كه‌مان، ڕێژه‌یه‌كى زۆرى دایكان به‌ناچارى ڕۆژانه‌ كاتێكى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌فێركردنى منداڵه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ئه‌ستۆى ئه‌واندا نیە، بێگومان ئه‌و دیاردانه‌ ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م به‌شدارى هاوسه‌نگى ژنان له‌ كایه‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کایەکانى کارکردنى لە بوارەکەدا دیاریکراوە
وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا باسى لە کایەکانى کارکردنى وەزارەتەکەى کرد و، لە سێ بواردا چڕیکردەوەو ڕایگەیاند: ئێمە ده‌توانین ئاراسته‌ى هه‌نگاوه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌سێ بواردا كورت بكه‌ینه‌وه، کە بریتین لە:
یه‌كه‌م: هه‌وڵدان بۆ پێگه‌یاندنى كادیرى زانستى كارامه‌ و لێهاتوو له‌بوارى ناسینه‌وه‌ى فۆڕمه‌كانى جیاکارى جێنده‌رى و بڵاوكردنه‌وه‌ى هزرى یه‌كسانى و هۆشیارى مرۆڤدۆستى.
دووه‌م: كردنه‌وه‌ى سێنته‌رى تایبه‌ت به‌توێژینه‌وه‌ى له ‌بواره‌كانى جێنده‌رناسى له‌زانكۆكان، بۆ په‌ره‌پێدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى و لێكۆڵینه‌وه‌ى پسپۆڕیانه‌ به‌مه‌به‌ستى دورخستنه‌وه‌ى تێڕوانینى هه‌ڵه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پێشێلكارى و جیاكاریه‌ جێنده‌ریانه‌ى به‌ناوى زانسته‌وه‌ ده‌كرێن، هه‌روه‌ها پشتیوانى كردنى هه‌ر كادیرێكى زانستى، كه ‌خوازیاره‌ له‌م بواره‌دا توێژینه‌وه‌ بكات، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى توێژینه‌وه‌ى زانستى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان گرانتى تایبه‌تى ته‌رخان كردوه‌ بۆ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ى، كه‌ ده‌چنه‌ خزمه‌تى پرسى په‌ره‌پێدانى یه‌كسانى جێنده‌رى له‌هه‌رێمه‌كه‌مان، بۆ ئەوەش داوا له‌توێژه‌ره‌انى كوردستان ده‌كه‌ین هه‌وڵ بده‌ن پڕۆپۆزه‌ڵى توێژینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن و سود له‌و گرانتانه‌ وه‌ربگرن.
سێیه‌م: دامه‌زراندنى لێژنه‌ى یه‌كسانكردنى جێنده‌رى به‌مه‌به‌ستى سه‌رپه‌شتیاریكردنى چالاكیه‌كانى وه‌زاره‌ت و، داڕشتنى سیاسه‌ته‌كانى وه‌زاره‌ت و په‌ره‌پێدانى ستراتیژیه‌ت و ئاماده‌كردنى ڕاپۆرتى خولى به‌دواداچونى جێبه‌جێكارییه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان.

سێنتەرەکانى جێندەرناسى لە زانکۆکان ئەرکى گرنگیان لەسەرشانە
له‌ كۆتایى وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وتى: ئه‌م كۆنفرانسه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێیى په‌ره‌پێدانى سێنته‌ره‌كانى جێنده‌رناسى له ‌زانكۆكانى كوردستانه‌، له‌ سۆنگه‌ى گرنگى سێنته‌ره‌كانه‌وه‌ دێت، پێشمان وایه‌ سێنتە‌ره‌كانى جێنده‌رناسى ده‌توانن به‌ئه‌ركى سه‌رشانیان ڕاپەڕێنن و، ببنه‌ به‌ردى بناخه‌ى كارێكى مه‌زن له‌داهاتودا، هەروەک ئه‌ركى سه‌ر شانى ئێمه‌شه‌ كه‌ پشتیوانى له‌م جۆره‌ كۆنفرانس و چالاكیانه‌ بكه‌ین و، هه‌رچى له‌تواناماندابێت هاوكاربین بۆ په‌ره‌پێدانى سێنتە‌ره‌كانمان و پشتیوانى كادیر و توێژه‌ره‌انى ئه‌م بواره‌بین.

وەزارەتى خوێندنى باڵا بەگرنگیەوە لە ڕاسپاردە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس دەڕوانێ
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى ڕاشگەیاند: به‌گرنگیه‌وه‌ له‌دیبه‌یت و بڕیار و ڕاسپارده‌كانى ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌ڕوانێن، داوا له ‌لێژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیاریش ده‌كه‌م، كه‌ به‌وردى ده‌ره‌نجامى ئه‌م كۆنفرانسه‌ دۆكیۆمێنت بكه‌ن، وتیشى كاره‌كانمان لێره‌ ته‌واو نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت دواى كۆنفرانس لیژنه‌ى جیا و فۆكه‌س گروپ پێكبهێنن بۆ كاركردن له‌سه‌ر یه‌كه‌ یه‌كه‌ى بڕیار و ڕاسپارده‌كانتان، وتیشى پێویسته‌ ئه‌وه‌مان له‌بیربێت كه‌ ئاماده‌بونمان له‌م شوێنه‌ و بۆنه‌یه‌دا ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تێكى مێژویى و ئه‌خلاقى گه‌وره‌ له‌به‌رامبه‌ر خانمانى میلله‌ته‌كه‌مان و دواڕۆژى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕه‌هه‌ندى كلتوریمان.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتیشەکان ستایشى بەستنى کۆنفرانس دەکەن
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، خاتوو (دینا زۆربا) به‌رپرسى ئاژانسى (یوئێن وومێن) له‌ئێراق، له‌میانى پێشكه‌شكردنى وته‌یه‌كدا به‌زمانى كوردى ڕایگه‌یاند: كاركردنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به‌مافه‌كانى ژنان له‌هه‌رێمى كوردستان جێگەى خۆشحاڵیه‌و هه‌موو ئه‌و كارانه‌شى كه‌ ده‌كرێن بۆ بوارى جێنده‌رناسى به‌به‌رزى ده‌نرخێنین بەتایبەت ئەم کۆنفرانسە.

پیاوان هاوشانى ژنان لە خەمى چارەسەکردنى کێشەکانن
هەر بەبۆنەى هەشتى مارس و بەستنى ئەو کۆنفرانسە، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وتەیەکى پێشکەشکرد و ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌م دانیشتنه‌دا ده‌یبینم جێگەى خۆشحاڵیه‌، كه‌ پیاوان ژماره‌یان زیاتره لە ژنان،‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت ئێستا پیاوان هاوشان له‌گه‌ڵ ژنان هه‌نگاو ده‌نێن و به‌دواى چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یەن‌، وتیشى ئه‌مڕۆ پێویست ناكات من بڵێم ناهاوسه‌نگى له‌بوارى جێنده‌رى و پۆسته‌ حكومیه‌كان هه‌یه‌، هەروەک پێویستیش ناكات بڵێم حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت ڕێژه‌یان بۆ ژنان دیارى كردوه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مویان پێشووتر وتراون، وتیشى: ئه‌زانم توندوتیژى دژ به‌ژنان به‌رده‌وامه‌ و ڕونیشه‌ كه‌ چه‌ند بۆشایى جێنده‌رى فراوان بێت زیان به‌خۆمان و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گات.

دەبێ پێکەوە هەوڵ بۆ ڕاستکردنەوەى بۆچونە هەڵە باوەکانى کۆمەڵگە بکەین
هەر لە میانەى وتەکەیدا، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە گرنگى پشتیوانى بابەتى جێندەرناسى کرد و، لەوبارەیەوە وتى: بونى سێنتە‌‌ره‌كانى تایبه‌ت به‌بوارى جێنده‌رى گرنگه، بۆیە‌ ده‌بێت ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت هاوكاریان بین، بۆ ئه‌وه‌ى پێکەوە هه‌وڵ بده‌ین بۆچونى هه‌ڵه‌ و شیكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ بۆ ده‌قه‌ ئاینیه‌كان ڕون بكه‌ینه‌وه‌، ئاشكراشیكرد كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك هاوكاربن و، وابكه‌ین ژن خۆى بڕیار له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و خانه‌واده‌كه‌یان بده‌ن، وتیشى دەبێ بپرسین ئه‌م سێنتەرانە‌ چۆن ده‌توانن لە کوردستان له‌ڕوى بڕیار و یاساكانه‌وه‌ هاوكارمان بن له‌ گۆڕینى تێڕوانینى هه‌ڵه.

جێندەر بۆتە پرسێکى جیهانى
له‌به‌شێكى دیكه‌ى وته‌كانیدا جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت وتى: ئێستا له‌جیهان پرسى جێنده‌ر زۆر پێشكه‌وتوه‌، جیهان ئێستا گفتوگۆى هه‌ندێك بابه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌ كه‌س لێره‌ بیرى لێنه‌كردۆته‌وه‌ بۆ نمونه‌ گۆڕینى ڕه‌گه‌ز، كه‌چى ئێستا ئێمه‌ هێشتا له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان پشتمان به‌كۆتا به‌ستوه‌، تائێستا نەمانتوانیوە له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ به‌ژنێك بده‌ین و بیكه‌ینه‌ نوێنه‌رى داواكاریه‌كانى خۆمان، ڕوو لە پیاوانیش قوباد تاڵەبانى وتى: قبوڵتانه‌ ژنێك ببێته‌ لێپرسراو له ‌فه‌رمانگه‌یه‌ك و پیاویش له‌گه‌ڵیدا كار بكات؟، له‌كۆتایى وته‌كه‌شیدا قوباد تاڵه‌بانى وتى: ئێستا كه‌ ئێمه‌ یادى ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ینه‌وه‌ ڕاسته‌ له‌زۆر بواردا پێشكه‌وتنمان به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام هێشتا ماومانه و،‌ ده‌بێت كاره‌كانمان به‌رده‌وامیان هه‌بێت له‌ته‌واوى لایه‌نه‌كانى ژیان.

لە کۆنفرانسەکەدا لە میانەى چەند پانێڵیکدا بەوردى تاوتوێى بابەتەکە کرا
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان، کارنامەى کۆنفرانس دەستپێکرد، بۆ ئەوەش لە پانێڵى یەکەمدا تاوتوێى کاروچالاکیەکانى سێنتەرەکانى جێندەرناسى لە زانکۆکان و تێڕوانیان بۆ ئایندە کرا، هەروەک لە دوو پانێڵى دیکەشدا، کە دواى نیوەڕۆ پێشکەشکرا، باس لەلایەنەکانى دیکەى جێندەرناسى لە کوردستان کرا، لە میانەى پێشکەشکردنى پانێڵەکانیشدا ئامادەبوان بەخستنەڕوى سەرەنج و بۆچونەکانیان بابەتەکانیان دەوڵەمەنتر دەکرد، لە کۆتایشدا، کۆنفرانس بەخستنەڕوى کۆمەلێک پێشنیاز و ڕاسپاردە کۆتایى بەکارەکانى هێنا.

Comments