Untitled Post

Post date: Mar 11, 2019 8:51:57 PM

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پەیامێک ئاراستەی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆ دەکات

لە پەیامێکیدا بۆ مامۆستایان وفەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین رایدەگەیەنێت، بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەواڵێکی دڵخۆشکەرەو سەرەتایەکیترە بۆ زیاتر بوژاندنەوەی بیری زانست و ناوەندە ئەکادیمییەکان لەھەرێمی کوردستان.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت، سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان دەکەین کە لەماوەی رابردوو و لەسەروبەندی پاشەکەوتی موچەدا، دڵسۆزانەو خەمخۆرانەو زانستخوازانە شانیان دایە بەر قەیرانەکان و ھۆڵەکانی خوێندنی خوێندکارانیان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چۆڵنەکردو نەیانھێشت پرۆسەی زانست بوەستێت، ھەربۆیە پێیان دەڵێم، ئێوە نمونەی خەمخۆرانی زانست و رۆڵەکانی ئەم ھەرێمەن.

ھەر لەپەیامەکەیدا سەرۆکی زانکۆ رایگەیاندووە، بە دەرفەتێکی گونجاوی دەزانم سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە لەماوەی ئەم قەیرانانەدا ھاوکاری زانکۆمانیان کردووەو پشتیوانبوونە بۆ بەردەوامیمان لەسەر کارەکانمان و پرۆژە زانستیەکانمان، سوپاسیان دەکەین و داوای بەردەوامیان لێدەکەین.

ھەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکات و ھەنگاوەکانی بەرێزیان بۆ ریفۆرم و گۆرانکارییە جدییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرزدەنرخێنێت.