Untitled Post

Post date: Apr 24, 2018 6:0:46 AM

سەرۆکی زانکۆ مژدەیەکی خۆش بۆ خوێندکاران رادەگەیەنێت

سەرۆکی زانکۆ مژدەیەکی خۆش بۆ خوێندکاران رادەگەیەنێت

بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی دارایی خوێندکاران و کەسوکاریان و بۆ زیاتر خزمەتکردنیان و گرنگی پێدانیان و بەسەربردنی چەند کاتێکی خۆش، پاش راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند، کە ئاھەنگی دەرچوون (ناو ھۆڵ)و سەیرانە گەشتی بەھارە بۆ سەرجەم خوێندکارانی کۆلێج و پەیمانگاکان ئەنجام دەدەن.

لەوبارەیەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەسایتی زانکۆی راگەیاند، ئەو بڕیارەیان بۆ سوودی خوێندکاران دەرکردووە کە داوای زۆربەی زۆری خوێندکارەکانمان بووەو ئێمەش بە ھاوکاری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان ئەو داوایەیان جێبەجێ دەکەین.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ووتیشی، سەرجەم خەرجییەکانی ئەو گەشت و ئاھەنگانە لەسندوقی داھاتی زانکۆمان خەرجدەکرێت و ئەمەش بردنەسەری ئەو بەڵێنەمانە کە ووتومانە “داھاتی زانکۆ بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانمان خەرجدەکەینەوە”.

سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لەرابردوودا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆمان، چەندین تاقیگەی تەندروستی و پزیشکی و کۆمپیوتەرو کتێبخانەی ئەلیکترۆنی و گەشتی زانستی و توێژینەوەی نوێ و گرنگ و زانستیمان ئەنجامداوە لەسندوقی داھاتی زانکۆمان و بۆ ئەو مەبەستانەش بەردەوام دەبین و درێغی ناکەین.

لەکۆتایشدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پیرۆزبایی لەخوێندکاران کرد بۆ گەشت و ئاھەنگەکانیان و ووتی، سەردانیشیان دەکەین و لەگەڵیاندا ئاھەنگ دەگێڕین و گەشتی بەھارە دەکەین.