Untitled Post

Post date: Jul 26, 2017 1:38:8 PM

    • 1519 Views

    • ته‌مموز 23, 2017

بە ئامانجی زیاتر ئاشناكردنی خوێندكارانی بەشی ئەندازیاری پلانسازی شار لەلایەن دوو مامۆستای بەشەكەوە خولێكی تایبەت بە پرۆگرامی ئەوتۆكاد Auto cad كرایەوە كە بڕیارە بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوامی هەبێت.

خولەكە لە هۆڵی ناوەندی كۆمپیوتەر لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەوترێتەوە و تایبەتە بە خوێندكارانی دەرچووی قۆناغی یەكەمی ئەمساڵی بەشەكە، كە تێیدا لەلایەن مامۆستایانەوە خوێندكاران ئاشنا دەكرێن بەو پرۆگرامە، چونكە لە قۆناغی دووەمی خوێندنیان وانەیەكی سەرەكییە و پێویستە هەموویان شارەزاییان دەربارەی هەبێت.

هەروەها خولەكە بەشێوەی خۆبەخش لەلایەن هەردوو مامۆستای بەشی تەكنیكی ئەندازیاری پلانسازی شار مامۆستایان ( شاخەوان محەمەد و ئارا حەسەن) دەوترێتەوە كە لە ئێستادا وەك مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی ناوبراو خزمەت دەكەن.

مامۆستا شاخەوان رایگەیاند: ” ئەم پرۆگرامە زۆر گرنگە بۆ تەواوی خوێندكارانی بەشەكەمان بۆیە هەر دوای دەرچوونیان لە قۆناغی یەكەم ئێمە ئەم خولەیان بە تایبەت بۆ دەكەینەوە، چونكە وانەیەكی بنەڕەتی بەشەكەیە و بەهۆیەوە خوێندكاران فێری دیزاین و وێنەكێشان دەبن”، ئاماژەی بەوەشدا گرنگە خوێندكاران پێش ئەوەی دەست بە خوێندنی قۆناغی دووەم بكەن شارەزاییان لەسەر ئەو بەرنامەیە هەبێت، بۆیە ئەوان ساڵانە و لە پشووی هاویندا ئەو خولە تایبەتەیان بۆ دەكەنەوە و خوێندكاران بە بنەما سەرەكییەكانی ئەو پرۆگرامە ئاشنا دەكەن.

ئەو خولە پێنج هەفتە دەخایەنێت و هەفتانەش بۆ چوار رۆژ و هەر رۆژەش دوو كاتژمێر بەردەوامی دەبێت، كە تێیدا وانەكان بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی دەوترێنەوە و پاشانیش ئەركی ماڵەوە بە خوێندكارەكان دەسپێردرێت بۆئەوەی بتوانن لە رێگەی راهێنانەوە زیاتر ئاشنای بابەتەكانی خولەكە ببن.