Untitled Post

Post date: Aug 31, 2017 8:59:10 PM

    • 692 Views

    • ئاب 29, 2017

Share:

لە مەراسیمێکدا کە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەرێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بڕوانامەی رێزلێنان و پاداشتی پێشکەش بە ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ماندوو و دڵسۆزی پەیمانگاکە کرد.

لەسەرەتای رێورەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی پ.ی.د. دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.ی.د. کازم فەرەج ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی و مامۆستا ێلاح یاریدەدەری راگری پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەرێوەچوو، پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون ووتارێکی پێشکەش کردو رایگەیاند: بەر لە ھەموو شتێک سوپاس بۆ ماندوبوون و ھەوڵی بەردەوامی ئێوەی ئامادەبووی ئەم رێورەسمەو سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان کە ماندوونەناسانەو بێ گوێدانە باری گرانی قەیرانی دارایی و کۆسپەکانی ژیان، زۆر بەرپرسیارانە کارەکانتان جێبەجێ کردووەو ھەمیشە ناو و ناوبانگی خۆتان و زانکۆکەتان بەرزکردۆتەوە.

ھەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند: ئێمە پاش راگەیاندنی پرۆسەی خوێندن بە سیستمی ئێواران و دەستکەوتنی داھاتێک بۆ زانکۆکەمان بیرمان لەوە کردەوە کە پێویستە بەو داھاتە دوو خاڵی زۆر سەرەکی ھەن جێبەجێیان بکەین، ئەوانیش بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆمان و پشتیوانی کردنی ماددی فەرمانبەرانمان، ھەر بۆیە خۆشبەختانە بەھەوڵ و ماندووبوونی ھەموولایەکمان توانیمان بەشێکی گەورە لە ئامانجەکانمان لە ھەردوو خاڵی ئاماژەپێکراو بپێکین، بەجۆرێک زیاتر لە نیوەی داھاتی وەدەستھاتوومان بۆ مووچەو ھاوکاری دارایی فەرمانبەرانمان و پارەی تایبەت بە وانەبێژی و لیژنەکانی تاقیکردنەوە خەرجبکەین، کە پێمان وابوو ئەم ھەنگاوەمان کەمێک باری قورسی قەیرانی دارایی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان کەمدەکاتەوە.

روو لە فەرمانبەرانی خەڵاتکراوی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانیش پ.ی.د.ئالان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێوە بەشێکن لە نمونەی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزانەی زانکۆمان کە ھیچ کاتێک ماندووبوون و قەیرانتان نەزانی و ھاوکار لەگەڵ ستافی راگرایەتی “پەیمانگای دایک”دا خزمەتی زانکۆکەتان کردو ئەوە ئێمەش دەمانەوێ ئەمڕۆ بەشێکی بچووکی قەرزەکانی سەرشانمان بەرامبەر بە ئێوە بدەینەوە.

دواتریش راگرایەتی پەیمانگاو فەرمانبەرانی ئامادەبوو سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییان کردو داوایان کرد ھاوشێوەی ئەم کارە بۆ سەرجەم کۆلێژو پەیمانگاکان درێژەی ھەبێت.