Untitled Post

Post date: Jul 12, 2017 9:5:38 PM

پرۆژەیەك ئاستی زانستی زانكۆكان پێشدەخات

ته‌مموز 12, 2017369 Views

لە رێگەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكانەوە ئاستی زانستی زانكۆكان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەك كە چالاكی توێژینەوەی زانستی بەڕێژەی (٨٠%) و ئەنجامدانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (١٠٧%) و كۆنفرانسی ناوخۆیی (١٤٣%) زیادیانكردووە.

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە وۆركشۆپی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكان كە رۆژی چوارشەممە (١٢/٧/٢٠١٧) بە ئامادەبوونی د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە زانكۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، رایگەیاند: ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكان بۆتە كۆڵەكەی چاكسازی و یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە داڕێژراوە، كە ماوەی دوو ساڵە جێبەجێی دەكرێت و پشت بە (٧) پێوەری سەرەكی و (٤٧) پێوەری لاوەكی دەبەستێت، وتیشی: لە ماوەی جێبەێكردنیدا لە رێگەی ئامار و داتاكانەوە ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیە بەدیدەكەین كە بەشێوەیەك بە بەراورد بە هەردوو ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) و (٢٠١٥-٢٠١٦) لەبەر كاریگەری ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكاندا دەبینین چالاكی توێژینەوەی زانستی بەڕێژەی (٨٠%) زیادیكردووە، ئەنجامدانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەڕێژەی (١٠٧%) زیادیكردووە، هەروەها ئەنجامدانی كۆنفرانسی ناوخۆیی بەڕێژەی (١٤٣%) زیادیكردووە، لەهەمان كاتدا ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانیش بەڕێژەی (٦٣%) زیادیكردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕیزبەندی نیشتمانی بووە ئامرازی چەسپاندنی كەلتوری هاندانی توێژینەوەی زانستی لەو گۆڤارانەی (Impact Factor)یان هەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەكرد: پرۆسەی ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكان تەنها بریتی نییە لە پێشبڕكێی نێوان زانكۆكان، بەڵكو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجە لەوانەش هاندانی گەشەكردن و پێشكەوتنی زانكۆكان لەسەر بنەمای پێوەری زانستی و ئەكادیمی، بەم پێیە كاركردن و تەركیزكردن لەسەر بنەمای ئەم پێوەرانە دەبێتە هۆی پیشخستنی زانكۆكانمان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دەرئەنجامی زانكۆكانمان لەسەر نەخشەی ئەكادیمی نێودەوڵەتی دیارتر و درەوشاوەتر دەبێت، لەهەمان كاتدا بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ئاراستە و كارایی وەبەرهێنان لەلایەنە جیاكانی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بەتایبەت (ژێرخانی زانستی و تاقیگەكان، توانا مرۆییەكان، گەیشتن بەسەرچاوە زانستیەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان).

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا د.یوسف گۆران مژدەی گەیشتن بە ئاستی سەرچاوە زانستییەكانی بۆ توێژەران ڕاگەیاند و لەو بارەوە وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵاپڕۆژەی گەیشتن بەسەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەكانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لە ئێستادا ئامادەكاری كراوە بۆ ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە لەگەڵ دامەزراوەی (EBSCO)، دوای هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و ئیمزاكردنی ڕێكەوتننامەكە، توێژەرەكانمان سەدان هەزار سەرچاوەیان بە زمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبی دێتە بەردەست، كە ئەوەش هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەبێت بۆ بەرەپێشبردنی پڕۆسەی توێژینەوە لە كوردستان.